ئیسلام ئایینێکه ئاسمانی و له چارده سه‌ده‌ی رابردوو دا، توانیویه‌تی چاکی و پاکی خۆی به هه‌موو گه‌لانی جیهان بسه‌لمێنی. ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کی موسوڵمان شانازی به‌وه ده‌کا که چیی کردووه بۆ ئیسلام، ئه‌وا گه‌لی کوردیش ئه‌گه‌ر له هه‌موو نهتهوهکانیتر زیاتر خزمه‌تی به ئیسلام نه‌کردبێ که‌متری نه‌کردوه. چاو له هه‌ر کتێبخانه‌یه‌ک بکه‌ی ناوی زانا‌و بلیمه‌تی کورد به زه‌قیی دیاره؛ ته‌نانه‌ت زۆر جار نهتهوهکانیتر زانا و ده‌سه‌ڵاتدارانی دادگه‌ری کوردیان به هیخۆیان زانیوه. وه‌ک راسته‌قینه‌یه‌کی مێژوویی گه‌لی کورد له هه‌موو نهتهوهکانیتری جیهان باشتر باوه‌شی بۆ وه‌رگرتنی ئیسلام ئاوه‌ڵا کردووه و به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵکه‌وتووه که سوپای ئیسلام له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد تێکههڵبچن. ئه‌وه‌ش که ده‌ڵێن خالیدی کوری وه‌لید دوعای به‌شه‌ڕی له گه‌لی کورد کردووه یان خه‌ڵکی بانه و بێژوێ ئهسحابهکوژ بوونه، هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی و مێژویی له‌پشته‌وه نیه.
سوپای ئیسلام له ساڵی-١٨-ی کۆچی به فه‌رمانده‌رێتی قه‌عقاع کوڕی عمر و عه‌یاز کوڕی غه‌نه‌م هاته کوردستان. زۆربه‌ی نهتهوهکانیتر دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانیان له‌گه‌ڵ سوپای ئیسلام کرد ته‌نانه‌ت عه‌ره‌به‌کانیش، وێنه‌که‌شی شه‌ڕی خه‌نده‌ق و ئوحوده، دیاره ئه‌م شه‌ڕانه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان ئاماژه به‌م خاڵه ده‌دا که ئیسلام بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌هاتووه به‌ڵکو چرایه‌کی پڕشه‌نگداره بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی جیهان وه‌ک خوا خۆی ده‌فه‌رموێ« وما أرسلناک إلا رحمة للعالمین»[واته تۆ مایه‌ی ره‌حمه‌ت و به‌زه‌یی بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کانی] به‌ڵام گه‌لی کورد له ئه‌وپه‌ڕی چالاکی و زیره‌کی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه و هه‌ڵکه‌وتوو له که‌ژ و کێو و به‌نده‌ن و ئاگادار بوون له شه‌ڕی پارتیزانی که ئه‌گه‌ر بییانویستبایه ده‌یانتوانی زۆر به ئاسانی ببنه ئاسته‌نگ له سه‌ر ڕێگه‌ی ئیسلام، به‌ڵام به چه‌ند هۆ ئه‌م کاره‌یان نه‌کرد:
یه‌که‌م؛ کورد له‌مێژبوو ئاواتی هاتنی پێغه‌مبه‌ری ئاخیر زه‌مانیان ده‌کرد، چوونکه به‌ر له ئیسلام گه‌لی ئێران زه‌رده‌شتی بوون و مێژوونووسانێکی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن که زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌ری کورد و هه‌ڵکه‌وتوو له باشوری ورمێ بووه و کتێبی زه‌رده‌شتی پێغه‌مبه‌ر ناوی ئاوێستا بووه. پێغهمبهرگهلێکی زۆر له نێو کورد هه‌ڵکه‌وتوون که ئاخرین پێغه‌مبه‌ریان ناوی زردهشت بووه. له زۆر جێگه‌ی ئاوێستا ئاماژه و مزگێنی به هاتنی پێغه‌مبه‌رێک که ده‌بێته هۆی به‌دیهاتنی دادگه‌ری و له‌ناوچونی زوڵم و زۆری، دراوه. له کتێبی «کردستان چگونه آزاد شد» نووسراوه‌ی کاک سه‌لاحه‌ددین عه‌باسیدا نووسراوه که له ئاوێستا دا هاتووه، ده‌ڵێ: «پاشای ساسانیان له‌ناو ده‌چن، ڕێره‌وانی پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌بی له ناویان ده‌به‌ن. گوێ بده‌نه ئامۆژگاریه‌کانم چاوه‌ڕوانی په‌یدا بوونی خاوه‌ن وشترێکی سور بن له وڵاتی عه‌ره‌ب.» هه‌ر ئه‌م مزگێنیه که ته‌ورات و ئینجیل و... ئاماژه‌یان پێکردووه، جا هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه کورده‌کان له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی ئاوا پێغه‌مبه‌رێکیان ده‌کرد.[١]
دووهه‌م؛ گه‌لی کورد دوای ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی ماد نێزیکه‌ی-١١٠٠-ساڵ هه‌ر له هه‌خامه‌نشیه‌کان تاکو ساسانیه‌کان ده‌چه‌وسێندرانه‌وه؛ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هاوده‌نگ بوون که نابێ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به ناوی کورد هه‌بێ. هه‌ر بۆیه گه‌لی کورد چاوه‌ڕوانی هاتنه‌دی عه‌داڵه‌ت و له‌ناوچونی سته‌می ده‌کرد؛ کاتێک بیستی که ئیسلام سه‌ری هه‌ڵداوه به‌گه‌رمی پێشوازی لێکرد.
سێهه‌م؛ کورد هه‌ر له خۆوه موسڵمان نه‌بوون، به‌ڵکو چه‌ند جارێک نوێنه‌ریان ناردنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر و موسڵمانان(ته‌نیا کورد بووه ئاوا نوێنه‌ر بنێرێته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام(د.خ) تا له‌م ئایینه نۆیه تێبگه‌ن و باوه‌ڕی پێ بێنن. ئه‌و کات مه‌ککه و مه‌دینه شوێنی هاتووچۆی بازرگانان بووه، هه‌ر بۆیه دوو تاقم له کورده‌کان له قالبی بازرگاناندا ده‌چنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر و باوه‌ڕی پێدێنن؛ بۆ وێنه هه‌ر له‌و سه‌رچاوه‌ی که له‌پێشدا ئاماژه‌مان پێدا، نووسراوه: «دوو تاقم له ناوچه‌ی شاره‌زوری کوردستان که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران بووه و له ناوچه‌ی بوتانی کوردستان که له هۆزی باژه‌ن یا باجه‌ن ده‌بێ که له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕۆمدا بووه ده‌چنه مه‌دینه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و باوه‌ڕی پێدێنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ئه‌م ئایینه له ناوچه‌ی کوردستان بڵاو ده‌که‌نه‌وه.» [٢] دیاره کوردستان له پێشدا ئاماده بوون بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م ئایینه. گه‌لی کورد به‌وه شانازیی ده‌کا و خۆی به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانی بۆ خزمه‌ت کردن به ئیسلام؛ بۆیه هه‌ر له ئه‌سحابه، پیاوانێکی «جابان» و «ئه‌بوبه‌سیر» و ده‌سه‌ڵاتدارانێکی دادگه‌ری وه‌ک سوڵتان سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی، که به‌یتولمه‌قدیس که به‌درێژایی مێژووی ئیسلام دوو جار له ده‌ستی جووله‌که و فه‌لان، ره‌زگار بووه یه‌که‌م جار به ده‌ستی حه‌زره‌تی «عومه‌ری کوری خه‌تتاب» و دوهه‌م که‌ڕه‌ت به ده‌ستی « سه‌لاحه‌ددین ئه‌ییووبی»وه. راڤه‌کاری ناوداری قورئان مامۆستا ئالووسی و حهدیسناس و زانستی حهدیسناسی «ئیبنوسهلاحی شاره‌زوری» و مێژوونووسی ناودار و خاوه‌نی تاریخی ئهلکامیل، ئیبنو خه‌له‌کان و ئیبنولحاجب و... مامۆستا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌رریس و عارف و خواناسی وه‌ک شێخ حیسامه‌دین شێخ سیراجه‌ددین و دوو قورئانخوێنی ناودار «عه‌بدولباسیت محهحممهد عه‌بدوسسه‌مه‌د و مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دی ره‌بیعی. که ده‌نگی قورئان خوێندنیان، هه‌موو ڕۆژێ له رادیۆ و ته‌له‌ویزیۆن و که‌ناڵه ئاسمانیه‌کان و بڵیندگۆی مزگه‌وتی ئاوایی و شاره‌کانی هه‌موو وڵاتانی ئیسلامی بڵاو ده‌بێته‌وه. جارێک له وڵاتی رۆژئاوایی به ده‌نگی « عه‌بدولباسیت»-١٠٠-که‌س موسوڵمان ده‌بن. مامۆستا هه‌ژار له پێشه‌کی کتێبی «دیوانی مه‌لای جه‌زیری»دا ده‌ڵێ: «ئیمام محه‌ممه‌دی غه‌زالی» فه‌رمویه‌تی: دینی ئیسلام له سه‌ر سێ کۆڵه‌که وێستاوه، ئه‌گه‌ر خودا ئه‌م سێ کۆڵه‌که‌ی نه‌دابا؛ له‌وانه بوو تێکبتهپێ، ئه‌م سێ نیرگه ئهستورانهش «دینه‌وه‌ری» و «ئامێدی» و «شاره‌زوری»[٣] که هه‌ر سێ کورد بون، هه‌روه‌ها مامۆستا هه‌ژار دوای ئه‌م مه‌به‌سته ئه‌مه ده‌ڵێ: \"کام موسوڵمانی خوێنده‌وار هه‌یه هه‌ر کوێره سه‌وادێکی بێ، ناوی پیاوی به‌ناوبانگی وه‌کو ئیبنوخهلکان، ئه‌بولفیدا، ئیبنوحاجیب، ئیبنوسهلاح، هه‌رسێک ئیبن و ئه‌سیره‌کانی بلیمه‌ت و سه‌تان ئیبین و ئه‌بوی دیکه‌ی نه‌بیستبێ؟ کام ده‌شته‌کی و شوانه‌وێڵه‌ی نه‌خوێنده‌وار، له هه‌موو دنیای ئیسلامدا ده‌سده‌که‌وێ که ناوی ئیبنوسیرینی نه‌بیستبێ، ئه‌و کابرایه داهێنه‌ری خه‌ونامه‌یه و له خه‌ون لێکدانه‌وه‌دا هه‌تا ئێستا هاوتای نه‌بووه، کوڕه کوردێک بووه و خه‌ڵکی مه‌ڵبه‌ندی باڵه‌که له کوردستانی عێراق و بگره سه‌دان زانا و بلیمه‌ت و ناوداری دیکه‌ی کورد که خزمه‌تیان به ئیسلام کردووه وه‌ک عه‌بباس مهحمودعهققاد، شێخ شه‌هابه‌دین سۆهره‌وه‌ردی، مه‌لای بێتوشی، ئه‌بوبه‌کری موسه‌ننیف، مه‌لا جامی، مامۆستا موفتی زه‌هاوی و... \".[٤]
بۆ زۆرتر ئاگادار بوون به خزمه‌تی زانایانی کورد به ئیسلام، چاو له کتێبی «علماءنا فی خدمة ا‌لدین»[٥] نووسراوه‌ی مه‌لا عبدولکه‌ریم موده‌رریس و کتێبی «کرد و کردستان» نووسراوه‌ی ئایه‌توڵڵا مه‌ردۆخ بکه‌ن. هیوادارم زیاتر زانایان هه‌وڵ بده‌ن بۆ خزمه‌ت به‌م دینه و موسوڵمانانی جیهان ئه‌م هه‌موو خزمه‌ته‌ی گه‌لی کورد به ئیسلام وه‌ک راسته‌قینه‌یه‌ک بسه‌لمێنن و ئه‌م مافه ره‌وایانه‌ی که خوا و دین داویه به مرۆڤ دانی پێدابنێن و هه‌ژار گوته‌نی\" تا خوا پێداوبین و ناوێکمان له دونیا هه‌بێ.\" و پێویسته هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی ده‌خوازن کورد و ئیسلامیش تووشی لێک‌دابڕان بکه‌ن و گه‌لی کورد به نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێباوه‌ڕ و بنه‌ما به جیهان پیشان بده‌ن، ئه‌و راستییه بزانن که له‌م تهڕاتێنهدا، ره‌نج به‌خه‌سار و نامرادن.
نظرات شما عزیزان:

.gif)